کەشناسی هەرێم: لە زۆربەى ناوچەکانی هەرێم بارانبارین بەردەوام دەبێت
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لە زۆربەى ناوچەکانی هەرێم بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە هەندێک شوێن تەرزەى لەگەڵ دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە ٥ـی نیسانـی ٢٠٢٥، کەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور شەپۆلێکى باران بارین و هەورە تریشقە لە بەشێک لە ناوچەکانى گەرمیان دەستیپێکرد.
هەروەها، لە کاتەکانى بەرەبەیانیەوە کاریگەریەکەى درێژ بوەتەوە بۆ سەر ناوچەکانى دیکەى گەرمیان و هەڵەبجە و کەرکووک و سلێمانى و پاشان هەولێر و دهۆک تەوای ناوچە شاخاویەکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
باسی لەوەشکردووە، شیوازی دابارین هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ بارانى بەلێزمە و هەورە بروسکە (لەناویشیاندا سەنتەرى پارێزگاکان) و بەهۆی ئەوەی لە وەرزى بەهاریشداین هەندێک جار لە هەندێ ناوچە تەزرەشى لەگەڵدا دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، خێرایی با لە سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان زیاتر دەبێت و پلەکانى گەرما ٣ بۆ ٥ پلە نزم دەبێتەوە.
کەشناسى پێشبینیشی کردووە، شەپۆلەکە لە درەنگانی ئەمشەو کۆتایی بێت.
هەروەها، رێژەی بارین لە هەولێر کەمترین رێژە بووە کە رێژەی ٠.١ بووە و لە هەڵەبجە زۆرترین رێژەی بارین هەبووە کە رێژەکەی ١٢.٣ بووە، هەروەها لە رێژەی بارین دهۆک ١١.٨ هەبووە و لە سلێمانیش ٥.٧، لە کەرکوک ٠.٨، و حاجی ئۆمەرانیش ١٢.٢ بووە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : ٢٥ پلەی سیلیزی
سلێمانی : ٢٢ پلەی سیلیزی
دهۆک : ٢٣ پلەی سیلیزی
کەرکوک : ٢٧ پلەی سیلیزی
زاخۆ ٢٤ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : ٢١ پلەی سیلیزی
سۆران : ٢١ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : ١٦ پلەی سیلیزی
گەرمیان :٢٩ پلەی سیلیزی
