پزیشکیان شەهرام دەبیری جێگریی بۆ کاروباری پەرلەمان، لە کارەکەی دورخستەوە
بەهۆی ئەنجامی گەشتێکی بنەماڵەیی بۆ گەشتوگوزار، سەرۆک کۆماری ئێران، جێگرێکی خۆی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئیرنا، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، شەهرام دەبیری جێگریی بۆ کاروباری پەرلەمان، لە کارەکەی دورخستوەتەوە.
مەسعود پزیشکیان لە نامەی دوورخستنەوەی دەبیری نوسیویەتی"دوابەدوای بەدواداچونەکان دەرکەوت، شەهرام دەبیری گەشتێکی بۆ جەمسەری باشوری گۆی زەوی، بە مەبەستی گەشتوگوزار ئەنجام داوە، ئەوەش لە دۆخێکدایە کە فشارە ئابورییەکان لە سەر خەڵک زۆرن و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن".
سەرۆک کۆماری ئێران لەبەشێکی تری نامەکەیدا دەڵێت "ئەو گەشتە بە تێچویەکی زۆرەوە ئەنجام دراوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی حکومەتیش نەبێت، ڕێگەپیدراو نییە".
دوای بڵاوبونەوەی وێنەیەکی شەهرام دەبیری و هاوژینەکەی لە تەنیشت کەشتییەکی گەشتوگوزاری لە جەمسەری باشووری، سەرەتا حکومەتی ئێران ڕەتیکردەوە ئەو وێنەیە نوێ بێت و رایگەیاند" ساڵانی رابردوو ئەو گەشتە ئەنجام دراوە"، بەڵام دواتر ڕاستی هەواڵەکە پشتراست کرایەوە.
