سلێمانی.. بەرگریی شارستانیی راگەیاندراوێکی لەبارەی ئاگرەکەی بازاڕی دارەسووتاوەکە بڵاوکردەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە،بەرگریی شارستانیی سلێمانی راگەیەندراوێکی لەبارەی ئاگرەکەی دارەسوتاوەکەوە بڵاوکردەوە،ئاماژەی بەوەکرد بەبێ هیچ زیانێکی گیانیی لە ماوەیەکی کەمدا توانیومانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی رووداوێکی ئاگر لە بازاڕی مەزادخانەی سەرەوە ناسراو بە دارەسووتاوەکە، دەستبەجێ تیمەکانیان رووبەڕووی ئاگرێکی گەورە بوونەوە، شوێنی رووداوەکە بەهۆی سەختی و دژوارییەوە، گەیشتنی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوەی زۆر ئەستەم کردبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای گەورەیی ئاگرەکە و بوونی بڕێکی زۆر لە کەلوپەلی جۆراوجۆر و ئاسان بۆ سووتان کە هۆکاربوون بۆ خێرا تەشەنەکردنی، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیان بە لێهاتوویی و خێراییەکی بەرچاوەوە رووبەڕووی دۆخەکە ببنەوە.
بەرگریی شارستانیی سلێمانی وتیشی، جگە لە زیانی ماددی ئاگرەکە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بە دانانی پلانێکی تۆکمە و دابەشبوونیان بەسەر شەش قۆڵدا، توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری بکەن بۆ دوکان و موڵکی دەوروبەری ناو بازاڕەکە.
