ئاگرێکی گەورە بازاڕێکی بەناوبانگی سلێمانی دەگرێتەوە
ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند ئاگرێکی گەورە بازاڕێکی بەناوبانگی پارێزگای سلێمانی کەوتەوە.
سەرچاوەکە رایگەیاند، "کاتژمێر 6:15 خولەکی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، لە بازاڕی (دارە سوتاوەکە) لە سەنتەری شاری سلێمانی ئاگرەکە کەوتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو ئاگرە بووەتە هۆی سووتانی ژمارەیەک دوکان".
لای خۆیەوە، قایمقامیەتی سلێمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی ڕاگەیاند بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی دار سوتاوەکەدا هاتووە.
ئاوات محمد، قایمقامی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە، بەڵام زیانەکانی زۆرن، بەو پێیەی زیاتر لە 150 دوکان زیانیان بەرکەوتووە”.
ئاشکراشی کرد، "لە سبەینێوە لیژنەیەک پێکدەهێنرێت لەڕێگەی تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانییەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی بەر خاوەن دوکانەکان کەوتووە لە بازاڕدا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو شتێک لە تواناماندا بێت بۆ هاوکاریکردنی خاوەن دوکانەکان دەیکەین، هەروەها دەبێت هەموو ڕێکارێکی سەلامەتی لەو شوێنانە بگیرێتەبەر. ئێمە بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکارەکان دەکەینەوە، پێویستە هاوڵاتیان هاوکارمان بن".
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە سلێمانی ڕایگەیاند: ئاگر لە بازاڕی دارەسوتاوەکە لە ناوشاری سلێمانی کەوتوەتەوە و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.
