بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەسێک دەستگیرکرا
بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی،ئەمرۆ یەکشەممە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکیان راگەیاند.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "شەوی پێش ئاگرەکە کەسێک لەناو بازاڕی دارەسوتاوەکە کە خۆی لەوێ کاسبکارە سەرقاڵی لەحیمکردن بووە، بە تۆمەتی ئەوەی هۆکاری ئاگرەکە بێت دەستبەسەر کراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کەسەی دەستبەسەرکراوە هاوڵاتییەکی سوورییە بەڵام کوردی دەزانێت، ئەو لەکاتی وەرگرتنی وتەدا دەڵێت، تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەو لەحیمی کردووە، دواتر کارەبای کوژاندووەتەوە و دوکانەکەی داخستووە".
بە وتەی پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبار دەڵێت تاوەکو 12:00ـی شەو کاری کردووە و ئاگرەکەش نزیک 04:00ـی بەرەبەیان بووە، بەڵام تۆمەتبارەکە بە دەستبەسەرکراوی دەهێڵنەوە تاوەکو پۆلیسی بە وردی تەماشای کامێراکانی چاودێری دەکاتەوە و لە دۆخەکە دڵنیا دەبێتەوە.
ئاگرەکە زیاتر ئەو دوکانانەی گرتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون. ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتەوە ئێستا چۆڵکراوە و تەنیا هێزە ئەمنییەکان لەوێدا جێگیر کراون بۆ پاراستنی پاشماوەکانی ناو دوکانەکان.
بەرەبەیانی دوێنی ئاگر لە بەشێکی دوکانەکانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 150 دوکانی بازاڕەکە سوتاون.
