عێراق پەرۆشی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ دووپات دەکاتەوە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە پابەندبوونی خۆیان بە پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن دووپاتکردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، و تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پتەوکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا کرد.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سەرۆک وەزیران لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کردەوە، کە سوودی بۆ هەردوو گەلی دۆست هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد حکومەت پێشوازی لە هەموو هەوڵێک دەکات، بۆ سەقامگیرکردنی ئارامی لە ناوچەکە و پشتیوانی کردنی عێراق بۆ کۆبوونەوە و دیالۆگەکان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە بەردەوامی بەرەو بەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر و چاکسازی و شاییستەکان هەنگاو دەنێت، و گرنگترینیان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە کە پابەندبوونی گەلی عێراق بە ڕێڕەوی دێموکراسی دووپات دەکاتەوە.
لە لای خۆیانەوە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە بریتین لە بەڕێزان مایکل باومگارتنەر لە پارتی کۆماری و ئادەم سمیث و جۆرج وایتساید و ویسلی بێڵ و خاتوو سارا جاکۆبس لە پارتی دیموکرات، ئاماژەیان بە گرنگی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق کرد، وەک هاوبەشێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەردانەکەیاندا ستایشی ئەو سەرکەوتنانەیان کرد کە حکومەتی عێراق لە گەشەپێدان و بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستیهێناوە.
