سەرۆک وەزیران: گەڕانەوەی بانکی عەرەبی گرنگە و گوزارشت لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری دەکات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە دووپاتیکردەوە کە گەڕانەوەی بانکی عەرەبی گرنگە و گوزارشت لە دۆخی سەقامگیری سیاسی و ئابووری دەکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە شاندى بانکی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سەبیح ئەلمەسری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوبەری بانکەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوبەری بانکەکە، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی کردنەوەی لقی بانکی عەرەبی / عێراق لە بەغدادی پایتەخت.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی بەرزکردنەوەی هاریکاری لە نێوان عێراق و بانکەکەیان کرد، لە بواری دارایی و بانکی و بەشداری کردنی بانکەکە لە دارایی کردنی پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی وەبەرهێنان.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە بانکی عەرەبی نزیکەی هەشتا ساڵە لە عێراق بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بوونی هەیە، ئەوەشی ڕوونکردەوە لە ئێستادا گەڕانەوەی گرنگە و ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەی سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییەیە کە ئێستا وڵاتەکە بەخۆیەوە دەبینێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد کە گرنگی چالاکییەکانی بانکەکە تەنیا بەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکان نییە، بەڵکو بەشدار دەبێت لەپرۆسەی گەشەپێدان و سەقامگیری ئابووری لەوڵاتدا، و جەختی لەسەر ئامادەیی حکومەت کردەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و پشتیوانییەک، بەجۆرێک چالاکی بانکی عەرەبی و بیانی بەهێز بکات بۆ خزمەتکردنی ئابووری عێراق و گەشەپێدانی.
لەلای خۆیانەوە شاندی بانکەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ دارایی کردنی ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان و فراوانکردنی چالاکییە بانکییەکانیان، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لەڕەخساندنی هەلی کار و بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری.
