مەشهەدانی جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە
مەحمود مەشهەدانی سەرۆک پەرلەمان ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا کردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران مەحمود مەشهەدانی، لە نووسینگەی فەرمی خۆی لەگەڵ بریكاری وەزیری دەرەوەی توركیا نوح یەڵماز و وەفدی یاوەری كە پێكهاتبوو لە باڵیۆزی توركیا لە بەغداد ئەنیل بورا ئەنان و ژمارەیەك لە ئەندامانی دیپلۆماسی توركیا كۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆ كرا لەبارەی قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان عێراق و توركیا و ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی كە هەردوو وڵات یەكدەخەن، لەسەر بنەمای نزیكیی جوگرافی و نزیكایەتی كولتووری و پەیوەندی مێژوویی، و بەها ئایینی و كۆمەڵایەتییە هاوبەشەكان.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە، هەردوولا جەختیان كردەوە: لەسەر گرنگی پتەوكردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا، بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەل بكات و گەشەپێدان و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەدەستبهێنێت.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێشهاتەكانی گۆڕەپانی ناوچەكە كرا، دیارترینیان تێكچوونی دۆخی مرۆیی لە كەرتی غەززە، و هەروەها مەشهەدانی داوای كۆتایی هێنانی بەپەلەی شەڕی ناڕەوا لە دژی خەڵكی سڤیل لەوانە ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان كرد، و جەختیكردەوە: كە عێراق لەگەڵ گەلی فەلەستین وەستاوە لە خەباتی ڕەوای خۆیان بۆ گەیشتن بە مافەكانیان.
