ئەردۆغان بانگهێشتی سودانی دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئاستی باڵای ئەنجومەنی هاوکاری ستراتیژی
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، بانگهێشتی فەرمی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئاستی باڵای ئەنجومەنی هاوکاری ستراتیژی وەرگرت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە لایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاری باڵای ستراتیژی ئاست بەرز کە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
وتیشی سودانی جەختی لەسەر وەڵامدانەوەی بانگهێشتنامەکە کردەوە و ئاماژەی بە بایەخدانی حکومەت کرد بۆ بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا کە لە چەند ئاستێکی جیادا گەشە بەخۆوە دەبینێت.
سەرۆک وەزیران فەرمانی ئامادەکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی کرد، کە بوارەکانی ئاسایش و ئاو و پیشەسازی و پیشەسازی سەربازی و وزە و گواستنەوە و بازرگانی و خوێندنی باڵا و چەند دۆسییەکی تر لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی دەرئەنجامەکان بەشێوەیەک یەکبخرێن کە هاوکارییەکان بەهێزتر بکەن و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو وڵات بەدەست بهێنێت.
