سودانی: لووتکەی داهاتووی عەرەبی کەلە بەغداد بەڕێوەدەچێت ئەنجامی زۆر گرنگی دەبێت بۆ جیهانی عەرەبی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی لەمیانی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی و شاندی یاوەری دووپاتیکردەوە لووتکەی داهاتووی عەرەبی کە مانگی داهاتوو لە بەغداد بەڕێوەدەچێت ئەنجامی زۆر گرنگی دەبێت بۆ جیهانی عەرەبی، بەو پێیەی لەنێو ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم عەرەب و ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی بەڕێز محەمەد ئەحمەد یەماحی و شاندی یاوەری، کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی پەرلەمانە عەرەبییە جیاجیاکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانە عەرەبییەکان کە لە 19 تا 21 ی نیسان لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
وتیشی سودانی بەخێرهاتنی شاندی عەرەبی کرد و پیرۆزبایی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەیان لە بەغدادی پایتەخت کرد و جەختی لە گرنگی ئەوە کردەوە، کە دەبێت دەرئەنجامەکان لە ئاستی ئەو تەحەدایە بێت، کە ئێستا ڕووبەڕووی جیهانی عەرەبی دەبێتەوە، و ئاماژەی بەوەکرد پەرلەمانی عەرەبی گوزارشت لە هەڵوێستی جەماوەری و گەل دەکات و دەبێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی عەرەبی.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی پەرلەمانی عەرەبی کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد لووتکەی داهاتووی عەرەبی کە مانگی داهاتوو لە بەغداد بەڕێوەدەچێت ئەنجامی زۆر گرنگی دەبێت بۆ جیهانی عەرەبی، بەو پێیەی لەنێو ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم عەرەب و ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت، و ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق گرنگی بە ناوەڕۆکی دەرئەنجامەکانی لوتکە دەدات و دەبێت بگاتە ئاستی قۆناغی ئێستا.
سودانی ئاماژەی بە جووڵەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان کرد لە عێراق و گەشەکردنی وەبەرهێنانی بیانی، و حکومەت پڕۆژەی نێودەوڵەتی خستووەتە ڕوو، لەوانە پڕۆژەی ڕێگای ستراتیژی گەشەپێدان، کە کار بۆ بەهێزکردنی یەکخستنی ئابووری نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
لە لای خۆیەوە یەماحی پێزانینی خۆی بۆ عێراق دەربڕی و هەڵوێستەکانی لەپشتیوانی پرسی عەرەبی بەرزنرخاند بەتایبەتی دۆزی فەڵەستین و غەززە، هەروەها ستایشی ئەو بوژانەوە و سەقامگیرییەی کرد کە عێراق لە ئێستادا بەخۆیەوە دەبینێت و جەختی لەوە کردەوە وێنەی ڕاستی بەغداد جیاوازە لەو وێنە چەواشەکارا و نەرێنییانەی کە لەلایەن هەندێک لر دەزگای ڕاگەیاندنەوە دەخرێنەڕوو و پێچەوانەی واقیعی ئاسایش و خۆشگوزەرانین لە وڵاتەدا.
