سەرۆک کۆمار: پێویستە ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان فەراهەم بکرێت
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق، بەبۆنەی یادی 127ساڵەی رۆژنامەگەری کوردییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا تەئکیدی کردەوە :"پێویستە ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و دابینکردنی ئەوپەڕی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین" فەراهەم بکرێت.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار کەدەستی موتەڵع کەوتووە:
له رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان و عیراق دەکەین. ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی میراتی رۆژنامەوانی دەوڵەمەند و درێژخایەنی گەلەکەمان و رۆڵی رۆژنامەگەری لەدۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و گەیاندنی رووداو و هەواڵەکان و تیشک خستنە سەر بابەتە گرنگەکانی ژیانی هاووڵاتیان و تەئکیدکردنەوە لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و دابینکردنی ئەوپەڕی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین لەپێناو پەرەپێدانی یەکڕیزی و هاوخەباتی نێوان خەڵک و پتەوکردنی رۆحی نیشتمانی.
هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ رۆژنامەگەری کوردی دەخوازین و هەموو هەوڵێک بۆ ئاشکراکردنی راستیەکان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و پتەوکردنی دیموکراسی و بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنین. هەمیشە سەرکەوتوو سەرفراز بن.
