موبەرقەع بۆ چالاککردنی دیپلۆماسی وەرزشی و لاوان گەیشتە تاران
ئەحمەد محەممەد موبەرقەع، وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی لەسەر بانگهێشتی هاوتا ئێرانییەکەی، ئەحمەد دانیاماڵی، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
ئاژانسی هەواڵی وەزارەتی لاوان و وەرزشی ئێران بڵاویکردەوە، سەردانەکەی وەزیری عێراق بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، دوای ئەویش دەست بە کارنامەی خۆی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەحمەد ئەلموبەرقا وەزیری عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران لەلایەن عەلیرەزا ڕەحیمی بریکاری وەزیری وەرزشی ئێران بۆ کاروباری لاوان پێشوازی لێکرا". ئامانجی سەردانەکە پەرەپێدانی هاوکارییە دوو قۆڵییەکانە لە بوارەکانی وەرزش و لاواندا، هەروەها دیدارێکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزیر لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە گەشتێکی مەیدانی کە لە میانیدا موبەرقەع چاوی بە ژێرخانی وەرزشی و تواناکانی ئێران دەکەوێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا ڕایگەیاندووە کە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی چالاککردنی "دیپلۆماسی وەرزشی و لاوان"دا دێت، کە ئێران هەوڵدەدات لەسەر ئاستی ناوچەکە چەسپی بکات، بە شێوەیەک کە لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دیارترینیان عێراق بەرز بکاتەوە.
