وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق دو فڕۆكه‌ی كاراكاڵی فڕه‌نسی وه‌رگرت
وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه دو فڕۆكه‌ی كاراكاڵی فڕه‌نسی وه‌رگرت كه قۆناغی یه‌كه‌می گرێبه‌سته‌كه‌یانه له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته و بڕیاریشه ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی دیكه‌ی فڕه‌نسی ره‌وانه‌ی عێراق بكرێن.
سابت عه‌باسی وه‌زیری به‌رگری عێراق له وتارێكدا ڕایگه‌یاندوه، "وه‌رگرتنی ئه‌و فڕۆكانه به‌شێكه له گرێبه‌ستێك كه له نێوان هه‌ردو وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و وه‌زاره‌تی به‌رگری فڕه‌نسا ئه‌نجامدراوه، بۆ دابینكردنی ئه‌مجۆره فڕۆكه‌یه بۆ فه‌رمانده‌یی فڕۆكه‌وانی سوپا، كه به یه‌ك له دوای یه‌كه‌وه پێشوازییان لێده‌كرێت، دوای ته‌واوبونی پرۆسه‌ی دروستكردنیه‌كه‌یان".
جه‌ختیشیكرده‌وه "ئه‌م فڕۆكانه له مانگی (حوزه‌یران/6)ی ئه‌مساڵ ده‌چنه خزمه‌ته‌وه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌یی فڕۆكه‌وانی سوپای عێراق".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "فڕۆكه‌كانی كاراكاڵ له باشترین فڕۆكه‌كانی جیهانن، هه‌روه‌ها خستنه‌ڕویان له سیسته‌می چه‌كداری سوپای عێراقدا نوێنه‌رایه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌كات بۆ هێزی ئاسمانی سوپای عێراق، به‌و پێیه‌ی ده‌توانن ئه‌ركی جۆراوجۆر له بارودۆخی كه‌شوهه‌وای سه‌ختدا ئه‌نجام بده‌ن، هه‌روه‌ها توانای ئه‌نجامدانی ئه‌ركی شه‌ڕیان هه‌یه به لێهاتویییه‌كی زۆره‌وه".
وه‌زیری به‌رگری عێراق گه‌شتێكی به فڕۆكه‌كاندا ئه‌نجامدا كه له‌لایه‌ن فڕۆكه‌وانه عێراقییه‌كانه‌وه به‌كارده‌هێندرێن و له میانه‌ی گه‌شته‌كه‌دا ستایشی "توانای فڕۆكه‌وان و ته‌كنیككاره عێراقییه‌كانی كرد، به‌و پێیه‌ی توانیان به خێرایی ئه‌م فڕۆكه پێشكه‌وتوانه كارپێبكه‌ن و ئه‌و كاته‌ی كه پێویست بو بۆ ته‌واوكردنی مه‌شق و ڕاهێنان كه‌مبكه‌نه‌وه".
