ئاوات شێخ جەناب: پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق
وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پابەندن بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە ٦ـی ئایارـی٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و گفتوگۆ لە سەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دارایی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی لەسەر ئاستی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ تیمە هاوبەشەکان روونکردەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەی تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ زیاتر بووە رەوانەی خانەنشینی کراون و بەشێک لەوانەشی کەس و کاری شەهیدو زیندانی سیاسی بوون بە پێی بڕگەیەکی یاساکە خزمەتیان بۆ درێژکراوەتەوە.
هاوکات، کورتەیەکیشی لەسەر دواین هەنگاوەکانی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە رێی پرۆژەی هەژماری من خستەڕوو و وتی، بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی دانراون لەمساڵدا زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان.
هەروەها، وەزیری دارایی و ئابووری لەدیوانی وەزارەت بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی ٩ خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری دارایی جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ زوو تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشینی راسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تابتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەی خانەنشینان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بکرێت.
