بارزانی چەند پڕۆژەیەكی خزمتگوزاریلە هەولێر كردەوە
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابیی لە بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوە باشتر دەکەن، بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا ببوژێنینەوە.
حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی کارنامەکەی لە بواری ئابووریدا، بایەخێکی زۆر بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدات، لەپاڵ پاڵپشتی بۆ کەرتی تایبەت جەخت لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان کراوەتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران لەکاتی کردنەوەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕاگەیاند:”جێگای دڵخۆشییە توانا ناوخۆییەکان لەگەڵ هاوکاری دۆستەکان بەرهەمێکی ئاوا گەورەی هەبووە و ڕەچاوی هەموو ڕێنماییە ژینگەییەکان کراوە”.
بارزانی ئاماژەی بەوویش كرد كە ”بە پاڵپشتی کەرتی تایبەت هەلی کار بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان دابین دەکەین.”
هەروەها وتیشی ”سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی داهاتەکان ڕەوا بووە”، هەروەها ”پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەرەوە باشتر دەکەین، بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا ببوژێنینەوە”.
سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو: "بەرهەمی ئەم کارگەیە زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار تۆن ساڵانەیە هی چیمەنتۆ، کە بێگومان ئەمە بەشێکی زۆری پێداویستیی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش دابین دەکات. چەندین پرۆژەی تری هاوشێوەش لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەمە ئاماژە بەوە دەدات کە کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندان، پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە کە بکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستان. "
ڕایشگەیاند :”کارگەی چیمەنتۆی دابین توانای هەیە ڕۆژانە هەشت هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمبهێنێت.”
کارگەی چیمەنتۆی دابین، لەسەر ڕوووبەری 212 دۆنم بە گوژمەی 280 ملیۆن دۆلار دروستکراوە، هەزار و 200 هەلی کار دەڕەخسێنێت، ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 8 هەزار تۆن و ساڵانە دوو ملیۆن و 100 هەزار تۆن چیمەنتۆی هەیە.
