عەوادی: ئەنجامدانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق پشتڕاست دەکاتەوە
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە "لوتکەی بەغدا ڕۆڵی دامەزرێنەر و کارای عێراق لە چوارچێوەی سیستەمی عەرەبیدا بەرجەستە دەکات". ڕوونی کردەوە کە "سازکردنی لوتکە چەند هێمایەکی گرنگ هەڵدەگرێت، دیارترینیان چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە". ئاشکراشی کرد کە پاشا و سەرکردەکان و سەرۆکەکانی عەرەب ئامادەبوونیان لە لوتکەکەدا پشتڕاستکردۆتەوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەت لەلێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی کەئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاندووە، "بەستنی لوتکەی داهاتووی عەرەبی لە بەغدا نوێنەرایەتی گەڕانەوەی عێراق دەکات بۆ ڕۆڵی سەرەکی خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی عەرەبیدا"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە عەرەبییەکان و پاشاکان و سەرۆک کۆمارەکان بە فەرمی ئامادەبوونیان لە لوتکەی داهاتووی عەرەبی پشتڕاستکردۆتەوە، لە ڕێگەی ئەو بانگهێشتنامانەی کە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکایەتی وەزیران کراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لوتکەی داهاتوو یەکێک بێت لە لووتکە پێگەیشتووەکانی عەرەبی لەڕووی نوێنەرایەتی و جۆرایەتی ئامادەبوون. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لوتکەی عەرەبی نوێنەرایەتی سیمبولی سیستەمی عەرەبی دەکات، عێراقیش ئەندامێکی دامەزرێنەر و چالاکانەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتەکان کە بیرۆکەی یەکگرتوویی عەرەبی وەرگرت لە سەرەتای پێکهێنانی دەوڵەتی نیشتمانی عێراق لە ساڵانی ١٩٢٠، پێش ئەوەی دواتر کۆمکاری عەرەبی وەک سیستەمێک دامەزرا کە وڵاتانی عەرەبی کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان".
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە: "ئەو لوتکەیە ڕەنگدانەوەی شکۆمەندی دەوڵەت و گەشەکردن و یەکگرتنی عەرەبە و نوێنەرایەتی وێنەیەکی یەکگرتوویی عەرەب دەکات".
