قایمقامیەتی سلێمانی: لە جەژنی قورباندا کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ تەنها لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان رێگەپێدراوە
قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بە مەبەستی خۆپاراستن لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، لە جەژنی قورباندا کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ تەنها لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان رێگەپێدراوە و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥، ئاوات محمد، قائیمقامی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، تاکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.
وتیشی، لە رۆژانی جەژنی قورباندا، رێگە نادەن بێجگە لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشان کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە هیچ شوێنێکی تردا بکرێت.
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ تیمەکانی تەندرووستی بەردەوام بەدواداچوون دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە دەرکەوتنی هەر حاڵەتێک لەم پەتایە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی گوازراوەیە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤەکان دەگوازرێتەوە، لە نیشانەکانیشی بریتین لە: سەرئێشە، تایەکی بەرز، ئازاری پشت، ئازاری جومگەکان، ئازاری گەدە، رشانەوە، سووربوونەوەی چاوەکان و سوور هەڵگەڕانی رووخسار، پاشان سەردەکێشێت بۆ هەندێک نیشانەی زۆر توند وەکو خوێنبەربوونی دەم و لووت، هەروەها گرنگترین نیشانە بریتییە لە خوێنبەربوونێکی زۆر توند لەژێر پێست کە بەتەواویی لەشی کەسی تووشبوو شین هەڵدەگەڕێت.
