عێراق پابەندە بە فراوانکردنی هاوکارییە دیجیتاڵییەکان لەگەڵ نۆکیا لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە، پابەندبوونی عێراقی بە بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای نۆکیا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە عێراق دەستپێشخەریی گرنگی سەبارەت بە گۆڕینی دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد لە میانی لوتکەی عەرەبیدا خستەڕوو.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە باڵیۆزی کۆماری فنلەندا لە عێراق خاتوو ئانۆ سارێلا بە یاوەری شاندێکی نوێنەرانی هەردوو جێبەجێکاری کۆمپانیای نۆکیا کە کۆمپانیایەکی فینلەندی تایبەتە بە بواری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری.
وتیشی لە دیدارەکەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری بەتایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی مۆدێرن تاوتوێ کرا، و شاندی کۆمپانیاکە ڕوونکردنەوەیەکی وردیان لەبارەی بەرنامە و پلانەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گۆڕینی دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییەکانی لە بواری زیرەکی دەستکرد و نەوەی پێنجەمی پەیوەندییەکان پێشکەش کرد.
سودانی جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەگەڵ نۆکیا، بۆ دەستەبەرکردنی ژێرخانی پڕۆژەی گۆڕینی دیجیتاڵی لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان، و لە کەرتە جیاوازەکاندا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت بناغەی یاسا و ڕێساکانی داناوە و ناوەندەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیایە و دابینکردنی تەکنەلۆژیای پێویستی دامەزراندووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق لەماوەی لووتکەی عەرەبیدا دەستپێشخەری گرنگی سەبارەت بە گۆڕینی دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد پێشکەشکردووە.
لە لای خۆیەوە باڵێوزی فنلەندا پیرۆزبایی لە سودانی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی ڕێکخستنی لووتکەی عەرەبی و بەهێزکردنی ڕۆڵی عێراق لەسەر ئاستی عەرەبی و ناوچەییەوە و سەرکەوتنی حکومەت لەدابینکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و جەختی لەوە کردەوە کە نۆکیا سوورە لەسەر بەشداریکردنی کاریگەر لە دابینکردنی ژێرخانی پڕۆژەی گۆڕینی دیجیتاڵی لەڕێگەی گرێبەستەکانییەوە لەگەڵ کۆمپانیا عێراقیەکان.
