ئەردۆگان : نەتەنیاهۆ هەوڵی ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ناو کارەسات دەدات
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێرانكردو ڕایگەیاند، هێرشەكەی ئیسرائیل دەستدرێژییەكی ڕونە و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكانە و دەبێت ڕێگری لێ بكرێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی دراوسێیان، دەستدرێرێژییەكی ئاشکرایە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشەکانی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و "تۆڕە تاوانکارییەکانی"، ئاگر لە ناوچەکە و هەمو جیهان بەردەدەن و دەبێت ڕێگریان لێبکرێت و وڵاتەكەی لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات.
سەرۆكی توركیا باسی لەوەشكرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت کۆتایی بە هەڵسوکەوتی "باندەکانی ئیسرائیل" بهێنێت کە سەقامگیری جیهانی و ناوچەیی دەکاتە ئامانج و حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ، هەوڵدەدات كارەسات لە ناوچەكە دروستبكات.
