حكومەتی هەرێم ڤیزای گەڕانەوە دەداتە هەر هاوڵاتیەک لە تورکیا گیری خواردبێت
ئەمڕۆ شەممە، حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هەر هاوڵاتیەک لە تورکیا گیری خواردبێت، ڤیزای ترانزێتی پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بە ڕێگەی وشكانی و لە قوناغی یەکەمی ئەو پرۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی 300 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت .
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ گیریان خواردوە، دوای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم كە لەگەڵ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانی وڵاتی تورکیا لە پەیوەندی بەردەوام بوین بۆ ئەوەی بە ڕێگای وشکایی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکرێ بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە قوناغی یەکەمی ئەو پرۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی 300 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت و ئەمڕۆ 50 کەس بە هەماهەنگی و هاوکاری سەرپەرشتیار و بەڕپرسانی دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل- خابور دەربازی هەرێمی کوردستان بون و تا شاری هەولێر پاسیان دابینکرابو.
بەگوێرەی ڕایگەیاندوەكە، لە ڕێگەی کونسوڵگەری گشتی تورکیا لە شاری هەولێر ئاگادارکرانەوە کە هەمو هاوڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەرێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ رۆژەیان پێدەدرێت.
