محەمەد بن سەلمان بۆ پزیشكيان: سەركۆنەی هێرەشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەین
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشكيان، سەرۆک کۆماری ئێران سەركۆنەی هێرەشەكانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو وڵاتەكرد و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکان ڕەتدەکەینەوە.
ئاژانسی ڕۆژنامەوانی سعودیە (SPA) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شازادەی جێنشینی سعودییە و سەرۆک وەزیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدا و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ گەلی ئێران و بنەماڵەی قوربانیانی هێرشەكەی ئیسرائیل دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشكرد، شازادەی جێنشین سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران كرد کە سەروەری و ئاسایشی ئێران تێکدەدەن و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو هێرشانە چارەسەری قەیرانەكەیان پەكخستوە و بەربەستن لەبەردەم چارەسەری دیپلۆماسی.
محەممەد بن سەلمان باسی لەوەشكردوە، وڵاتەكەی بەکارهێنانی هێز بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ڕەتدەكاتەوە و جەخت لە پێویستی گفتوگۆ وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەكاتەوە.
لایخۆیەوە سەرۆک کۆماری ئێران، سوپاسی شازادەی جێنشینی کرد بۆ هەست و سۆزی بەرزی بەرامبەر ئێران و گەلەكەی، هەڵوێستی سعودییەی لە ڕەتکردنەوە و شەرمەزارکردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بەرز نرخاند.
هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی حاجیانی ئێرانی و ئاسانکاری خزمەتگوزاری بۆیان تا گەڕانەوەیان بۆ وڵات.
