سودانی پشتیوانی عێراقی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ئیستەنبوڵ
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گەڵ سەرۆکی تورکیا پشتیوانی عێراقی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ئیستەنبوڵ.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک کۆماری تورکیاوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێگەیشت.
وتیشی لە پەیوەندییەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی لە هەڵوێستە جیاجیاکاندا و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی.
رایشیگەیاند لە بەشێکی تری پەیوەندییەکەدا هەردوولا سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی زایۆنیان کرد بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی قەوارەی زایۆن"ـدا دێت بۆ پەرەسەندن و فراوانکردنی بازنەی جەنگ، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە لەلایەن هەموو وڵاتانەوە، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەی سیاسەتە شەڕانگێزەکانی ئەو قەوارەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕەتکردنەوەی توندی عێراقی لە پێشێلکردنی سەروەری و دەستدرێژیکردنە سەر ئاسمانی دووپاتکردەوە، کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، هەروەها بەڕێزیان پشتیوانی عێراقی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ئیستەنبوڵ بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی تورکیا پاڵپشتی خۆی بۆ سەروەری عێراق و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و ڕێگرتن لە خلیسکانی عێراق بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێکان دووپات کردەوە.
