سودانی دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی ڕادەگەیەنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەناکاوی تیشکدەر کە هەڕەشە لە عێراق بکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکان بۆ حاڵەتە فریاگوزاریەکانی تیشکدانەوە، ڕێنماییەکانی دەرکرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەویەکی کرد لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی ناوەندی بۆ حاڵەتە فریاگوزارییەکانی تیشک و ئەتۆم، بۆ پێداچوونەوە بە پلانی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی تیشک و ئەتۆم کە لە ساڵی 2023 پەسەندکرا و هەڵسەنگاندنی ئامادەکارییەکان بۆ حاڵەتە نائاساییە ئەگەرییەکان.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و ڕێوشوێنە گیراوەکان کرا، هەروەها پێداچوونەوە بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی لایەنە بەشداربووەکان لە پلانی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوە تیشکییەکان کرا.
سودانی لە لایەن پسپۆڕانەوە کورتەیەکی پێدرا سەبارەت بەم دۆسیە کە تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی سنوورداری هەر حاڵەتێکی نائاسایی کە کاریگەری لەسەر وێستگەکانی پیتاندن هەبێت بە هۆی هێرشەکانی زایۆن"ـەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، و جەخت لەوە کرایەوە کە هیچ زیادبوونێک لە پاشخانی تیشک تۆمار نەکراوە لە سەرانسەری عێراق، هەروەها ژووری فریاکەوتن ئامادەیی تیمەکانی وەڵامدانەوەی پشتڕاستکردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە فریاگوزارییەکانی تیشک.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد بەردەوام بن لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە ڕێککەوتننامەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ڕووداوە ئەتۆمییەکان، ئەم پەیوەندییە بە مەبەستی پێشکەشکردنی زانیاری و داتای وردە لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتی لەناکاوە دێت، هەروەها بەردەوامبوون لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی نائاسیی لە سەرانسەری پارێزگاکاندا.
هەروەها سودانی فەرمانی کرد کە ژووری فریاکەوتنی تیشکدانەوە لە حاڵتی بەڕێوەچوونی هەمیشەییدا بێت، بە مەبەستی بەدواداچوون و چاودێریکردنی دۆخی تیشکدانەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق، لە بەر ڕۆشنایی پێشهاتەکان.
