سودانی و مەشهەدانی لەرووبەرووبونەوەی گرژییەکاندا: جەختکردنەوە لەگرنگی سەروەری و یەکڕیزی نیشتمانی
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ دووشەممە، ئیدانەکردنی دەستدرێژیی ئیسرائیلیان دووپاتکردەوە و پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی عێراقیان ڕەتکردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە دەست موتەڵع کەوتووە ،ڕایگەیاندووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مەحمود مەشهەدانی،لە میانەی دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە سەرانسەری وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە لە ژێر ڕۆشنایی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی زایۆن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و کاردانەوەکانی پەرەسەندنی جەنگ لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق تاوتوێ کرا".
بەگوێرەی بەیاننامەکە هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر "ئیدانەکردنی دەستدرێژییەکانی زایۆن، و ڕەتکردنەوەی پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی عێراق"، هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر "گرنگی یەکگرتوویی نیشتیمانی و پێویستی پاڵپشتیکردنی هەنگاو و ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لەبەردەم دەستە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەکان بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و پاراستنی ئاسمانی عێراق، و پشتیوانی کردن لەهەموو ئەو هەوڵانەی کە پاڵپشتی سەقامگیری دەکات لە سەرتاسەری وڵاتدا".
هەروەها بەگوێرەی بەیاننامەکە ،لە دیدارەکەدا جەخت لە سەر "پێویستی بەردەوامبوونی هاوکاری نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان کرایەوە، و پەلەکردن لە دەرکردنی یاسایەک کە پاڵپشتی لە پلانەکانی گەشەپێدان بکات و ئەو هەوڵە خزمەتگوزاریانە پتەو بکات کە لە سەرانسەری عێراقدا پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێت، جگە لە پاڵپشتیکردنی سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆییدا لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو".
