ترەمپ: کۆتاییهاتنی دەستبەجێی دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا ڕاگەیاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی دەستبەجێی دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا ڕاگەیاند، ئەوەش لە وەڵامی باجی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی کەنەدا كە بەسەر کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئەمریكادا سەپاندویەتی، هەروەها ترەمپ ئەوەی بە "هێرشێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ سەر وڵاتەکەی" ناوبرد.
دۆناڵد ترەمپ، ئەمشەو لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، کەنەدا وڵاتێکی زۆر سەختە بۆ بازرگانیکردن، تازە ڕایگەیاندوە کە باجی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بەسەر کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکادا دەسەپێنن، کە ئەوەش هێرشێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایە بۆ سەر وڵاتەکەمان.
ئاماژەی بەوەشكرد، دیارە ئەوان (كەنەدا) هەنگاوێكی هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا دەنێن، كە هەمان کاریکردوە و لە ئێستادا لەگەڵ ئێمە لە گفتوگۆدایە، بۆیە بە پشتبەستن بەو باجە خراپە، هەمو گفتوگۆ بازرگان لەگەڵ کەنەدا کۆتایی پێدەهێنن، کە دەستبەجێ کاری پێدەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەشكردوە، لە ماوەی حەوت ڕۆژی داهاتودا کەنەدا لەو باجە ئاگادار دەکەنەوە کە دەیدەن بۆ ئەوەی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بکەن.
کەنەدا کە 41 ملیۆن کەسی تێدایە، سێ لەسەر چواری هەناردەکردنی بۆ ئەمریکایە و دوایین ڕاپۆرتی هەلی کاریش دەریدەخات کە باجەکانی ترەمپ زیان بە ئابوری کەنەدا دەگەیەنێت.
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا، باجی 25%ی بەسەر کاڵاکانی کەنەدی هاوردەکراو بۆ ئەمریکا سەپاند، ئەوە جگە لە باج لەسەر کەرتە تایبەتەکانی وەک ئۆتۆمبێل و پۆڵا و ئەلەمنیۆم، بەڵام هەندێکیانی هەڵپەسارد تا دوای دانوستانەکان.
