هەولێر... لەماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە حەڤدە هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە
ئەمڕۆ هەینی ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراوەتەوە و ڕۆژانە پزیشکی ڤێتێرنەری نەشتەرگەرییان بۆ دەکات.
ئومێد خۆشناو، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بەردەوامە و ڕۆژانە زیاتر لە 50 سەگی بێلانە، لە کۆچە و کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە.
ئاماژی بەوەشكرد، ڕۆژانە دو تیم سەگی بێلانە لە کۆچە و کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە. لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراوەتەوە و بردراونەتە نێو شێڵتەر، بە نزیکەیی 15 هەزاریش ماون، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی دەوروبەری هەولێر.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە ڕۆژانی یەکشەممە تاکو پێنجشەممەش، پزیشکی ڤێتێرنەری نەشتەرگەریی بۆ سەگە بێلانەکان دەکات، دوای نەشتەرگەریی کردنیان دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان، زیاتر لە حەوت هەزار سەگی بێلانە نەشتەرگەریان بۆ کراوە و لە شێڵتەر دەرچون.
ئەوەشیخستەڕو، بەگوێرەی ئامارەکان تاکو دو مانگ پێش ئێستا لەگەڵ کردنەوەی ئەم شێڵتەرە ڕێژەیی گەستن 47% کەمیکردوە. پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار دروستكراوە و ڕۆژانە چەندین تیمی پزیشکی ڤیتێرنەری و کارمەندی تایبەت تێیدا کار دەکەن.
