عێراق ومیسر هەوڵەکانی ئاشتی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی میسر هەوڵەکانی ئاشتی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە تاوتوێکرد
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووه بڵاویکردەوه لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دارایی بۆ گەشەپێدان کە لە شاری سیڤیلیای ئیسپانیا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ دووشەممە 30-6- 2025، سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید لەگەڵ مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیری میسر کۆبووەوە.
لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پاڵپشتی عێراقی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە دوپاتکردەوە و هەروەها پێشێلکاریی ئاشکرا و بەردەوامی ئیسرایل بە ئامانجی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە لەسەر ئاستی ئەمنی، سیاسی و ئابووری رەتکردەوە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و رێگە خۆشکردن بە گەیاندنی هاریکاری مرۆیی بە گەلی فەلەستین.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی کارکردن بۆ پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش، و یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستەکان لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکان کە جێگەی نیگەرانی گەلانی ناوچەکەیە.
لای خۆیەوە مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیری میسر لەگەڵ بۆچوون و هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆمار هاوڕابو سەبارەت بەو مەسەلانەی کە جێی نیگەرانی هاوبەشن و پشتیوانی بەردەوامی میسری بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە.
