سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر گرنگی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکاتەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە 9 ی تەمووزی 2025 لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەنوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق محەمەد حەسان هاوکات جەختیشی کردەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار کەدەستی موتەڵع کەوتووە تیایدا هاتووە
لەمیانەی دیدارەکەدا باس لەتەواوی پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات و ناوچەکە کرا، و سەرۆک کۆمار پەرۆشی عێراقی دووپاتکردەوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەوادەی خۆیدا لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا، هەروەها ئاماژەی بەگرنگی بەشداریکردنی عێراقییەکان کرد بەهەمو پێکهاتەکانیانەوە لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینەیان بە شێوەیەکی ئازاد و شەفاف.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، کەدەوڵەت تواناکانی خۆی بۆ پشتگیریکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تەرخان کردوە بۆ جێبەجێکردنی هەموو پێداویستییەکانی، هاوکات بەرێزیان جەختی لە پێویستی فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانەی کەسامانی دارایی بۆ ئەوە مەبەستە بەکاردەهێنن.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عێراق لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن و گەیشتن بەو بەرکەوتە دیموکراسیە.
لەلای خۆیەوە حەسان، هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لەبوارە جیاجیاکاندا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بە پابەندبوونی ڕێکخراوەکە کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لەپرۆسەی گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا.
