سودانی باس لە هاوبەشە سێبەرەکان و هەڕەشە ئاسمانییەکان و مەترسییەکانی دەرەوەی سنوورەکان دەکات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە، دووپاتیکردەوە ڕەوتی سەدری ڕەوتێکی گەورەی جەماوەرییە و کارەکتەرێکی سیاسی سەرەکییە لەسەر گۆڕەپانی نیشتیمانی،جەختیشیکردەوە کەبەئامانجکردنی ڕادارەکانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەر وا بە ئاسانی تێناپەڕێت.
سودانی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، کە؛بەئامانجکردنی ڕادارەکانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەر وا بە ئاسانی تێناپەڕێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، منیش بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەکەم،ئاماژەی بەوەشکرد دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و ملکەچی کەس نییە و ڕێگە نادات هیچ لایەن و قەوارەیەک هەڕەشەی لێبکات، و بە بڕیاردانی گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری، بوێری خۆی سەلماندووە.
وتیشی ئێمە ئەو داواکراوانەمان گەڕاندەوە کە تێوەگلاون لە دۆسیەی گەندەڵی، و ڕێژەیەکی زۆریان زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاریان گەڕاندووەتەوە،رایشیگەیاند حکومەتەکەمان پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەخلاقی و دەستوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، و ناکۆکییەکان یاسایی و تەکنیکین نەک سیاسی.
ڕوونیشیکردەوە ڕەوتی سەدری ڕەوتێکی گەورەی جەماوەرییە و کارەکتەرێکی سیاسی سەرەکییە لەسەر گۆڕەپانی نیشتیمانی و گرنگە هاوبەش بێت لە داڕشتنی قۆناغی داهاتوو و بەشداری کردن لە شایستەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان،ئەوەیشی خستەڕوو هەنگاومان ناوە بۆ پاراستنی سەقامگیری سوریا و ڕێگری کردن لە داڕمانی دۆخی ئەمنی سوریا، کە دەکرێت لەلایەن چەتە تیرۆریستییەکانی داعشەوە بقۆزرێتەوە و ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە.
وتیشی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە لە باشترین ئاستیدایە، هەروەها لێکنزیکبوونەوە لە تێڕوانینەکان لەسەر پرسە ناوچەییەکان و هەماهەنگی ئاست بەرز لە پێشهاتە جۆراوجۆرەکان هەیە،ڕوونیشیکردەوە ئێمە لەبەردەم ڕێڕەوێکی سیاسی جێگیردا نین بۆ شێوەی ناوچەکە و هاوسەنگیەکانی و پەیوەندییەکانی، لە چوارچێوەی ئەم دۆخەی ئێستا.
