سودانی و باڵیۆزی بەریتانیا تاوتوێی ڕێککەوتنی هاوکاری ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات دەکەن
ئەمرۆ یەکشەممە"محەممەد شیاع سودانی"سەرۆکوەزیران، و "عیرفان صدیق " باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق،تاوتوێی ڕێککەوتنی ستراتیژی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران،لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆکوەزیران،پێشوازی لە "عیرفان صدیق" باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییەی کە سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا واژۆکردبوو، کە بەشدارە لە گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : هەر لە دیدارەکەدا جەخەتکرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی هاوبەش، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە، هەروەها پێویستی بەهێزکردنی هەڵوێست و هەوڵەکان لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست، و ڕاگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر کەرتی غەززە،و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ گەلی گەمارۆدراوی غەزە، و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش،وسەقامگیری.
