چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا باس لە پێشهاتە ئەمنییەکانی بەغدا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە،چوارچێوەی هەماهەنگی هێرشی سەر بەڕێوەبەرایەتییەکی کشتوکاڵی شەرمەزار کرد، هاوکات ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی چەک لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان دووپاتکردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە، "چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە ئەمنییەکان لە بەغدا، هەروەها هێرشکردنە سەر بەرێوەبەرایەتییەکی کشتوکاڵی شەرمەزار کردو، ئەو کارەی بە پێشێلکردنی یاسا و ڕێکارەکانی دەوڵەت زانی".
وتیشی، "چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە هەموو ڕێوشوێنە دادوەری و حکومییەکان دەکات بۆ سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی شکۆمەندی دەوڵەت".
چوارچێوەی هەماهەنگی، بەپێی بەیاننامەکە، "ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی" دووپاتکردووەتەوە، داوای لە "لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە پێی چوارچێوە یاساییەکان لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و ورد ئەنجامبدەن و هەرکەسێک سەلمێندرا کە تێوەگلاون، سزای بدەن".
