مەندەلاوی پێشوازی لە ڕزگاربووانی ئێزیدی دەکات و پابەندبوونی پەرلەمان بۆ ساڕێژکردنی برینەکان دووپاتدەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی، دووپاتیکردەوە کە ئەنجومەنی نوێنەران کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە یاسایەک کە مافەکانی کەمینەکان ڕێکبخات. جەختیشی کردەوە کە هەموو دەسەڵات و دامودەزگاکان بەرپرسیارێتی مرۆیی لە ئەستۆ دەگرن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە لەسەر ڕزگاربووانی ئێزیدی و گەڕانەوەی ئاوارەکان. هاوکات فەرمانیدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ چاودێریکردنی دۆخی شنگال و کاروباری ئێزیدییەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بڵاویکردەوە،و دەستی موتەڵع کەوتووە تێیدا هاتووە، "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی، لە نووسینگەی خۆی، بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی کارەساتی شنگال و بە کۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی، پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری گشتیی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ڕزگاربووان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەراب ئەلیاس، و ژمارەیەک لە ڕزگاربووانی ئێزیدی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی کە جیهانی ترساند و ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، کە لەلایەن هێزەکانی تیرۆر و توندڕەوی و تاریکی، داعش، لە قەزای شەنگال لە ساڵی 2014 ئەنجامدرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا مەندەلاوی گوێی لە ڕادەی ئەو ئازارانەی خەڵکی قەزای شنگال بەرگەی گرتووە و ئەو بارودۆخە سەختەی لەو ماوەیەدا تووشی بوون".
مەندەلاوی جەختی لەوە کردەوە کە "ئەو کارەساتە گەورەیەی بەسەر گەلی ئێزیدی ئێمەدا هات، بەرپرسیارێتییەکی ئایینی و ئەخلاقی و مرۆیی دەخاتە ئەستۆی هەموو دەسەڵات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ساڕێژکردنی برینەکانیان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەریان".
ڕوونیشی کردەوە، "تیرۆر هەوڵی دەدا سەرچاوەی هێزی وڵاتەکەمان پارچە پارچە بکات، کە فرەچەشنییە، و جیاوازیی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەماندا نەکرد، بەڵکو هەمووانی کردە ئامانج". جەختیشی لەوە کردەوە کە "یەکگرتوویی و هۆشیاری عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە کلیلی سەرکەوتن بوو بەسەر لایەنگرانی ئایدۆلۆژیای تەمومژاویدا".
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران فەرمانی دا بە" پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ چاودێریکردنی دۆخی شنگال و کاروباری ئێزیدییەکان بەتایبەتی ئاوارەکان" و ڕایگەیاند "ئەم کۆبوونەوەیە دەیسەلمێنێت پەرلەمان لەگەڵ ئێوەدایە و لەبیرتان ناکات، لە خولی پێشووی خۆیدا یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی دەرکردووە و کار بۆ پێگەیشتنی یاسای مافی کەمینەکان دەکات، کە گەیشتووەتە قۆناغی خوێندنەوەی دووەم، بە ئامانجی پاراستنیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان و دڵنیابوون لەوەی کە ئەو تاوانانەی کە تووشی بوون لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە”.
