جەعفەر محەمەد باقر سەدر وەک باڵیۆزی نوێی عێراق لە قەتەر دەستنیشانکرا
سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥ لە کۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لە جەعفەر محەمەد باقر سەدر، باڵیۆزی نوێی عێراق لە دەوڵەتی قەتەر.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە لەم دیدارەدا، سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەنجامدانی ئەرکە نوێیەکەیدا و جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و قەتەر و پێویستیی پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان مسۆگەر بکات و پێگەی وڵات بەهێزتر بکات و بنەماکانی هاریکاریی دوولایەنە بچەسپێنێت و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزێت.
هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگیی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان بە ڕەوەندی عێراقی لە قەتەر کردەوە و داوای کرد کە دەرگای باڵیۆزخانە بە ڕووی هەموواندا کراوە بێت.
لای خۆیەوە، باڵیۆز سەدر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بەرامبەر ڕێنمایی و پەرۆشییەکانی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان، و دووپاتیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئاسانکردنی کاروباری ڕەوەندی عێراقی لە قەتەر و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەروەها بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی چوارچێوەی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
