کۆبوونەوەیەکی حکومی بۆ تاوتوێکردنی ئاڵنگارییەکانی ئاوو داڕشتنی پلانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی باڵای ئاوی کرد، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە لە میانی کۆبوونەوەکەدا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان تێڕوانینێکی وردی لەبارەی دۆخی ئێستای ئاو لە ناوخۆی وڵات و پێشبینییەکانی بۆ وەرزی زستانی داهاتوو خستەڕوو، جگە لە خستنەڕووی هەوڵ و پەیوەندییەکان لە بواری ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و سەرچاوەکانی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات و ئامرازی بەردەست بۆ پاراستنی پشکی ئاوی عێراق لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگە و کشتوکاڵ و هەموو لایەنەکانی ژیان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کرد بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە بە بەشداری وەزیرەکان و سەرۆکی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، بۆ خستنەڕووی پلانی عێراق و ڕێکارەکان لەم بوارەدا لە ماوەی داهاتوودا.
ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەردەوامبوونی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە بواری ئاودێری، و سیستەمی کشتوکاڵی پاراستنی ئاو و پاراستنی زنجیرەکانی دابینکردن، و پاڵپشتیکردنی جووتیاران بە بەرنامەی فریاگوزاری و کۆمەڵایەتی کە داهات بەرز دەکەنەوە، و دووبارە داڕشتنەوەی پلانی کشتوکاڵی لەسەر بنەمایەکی نەرم ڕەچاوی وشکەساڵی بکات، و پشتگیریکردن لە چاندنی ئەو بەرهەمانەی کە پێویستی بە ئاوی کەمە .
هەروەها هەنگاوەکان پەسەند کران بۆ چالاککردنی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پەرەپێدانی نەخشەڕێگایەک بۆ گونجاندنی کەشوهەوا و دەستپێکردنی بەرنامەی پشتیوانی دارایی و تەکنیکی بۆ جووتیاران و بەخێوکەرانی ئاژەڵ لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە وشکەساڵی.
ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوە گفتوگۆ لە گەڵ لایەنی تورکیا بکات بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئاو بۆ عێراق لە هەردوو حەوزی دیجلە و فورات، و جەختی لە گرنگی دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق لەم قۆناغەدا کردەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی وەزاری لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی بەردانەوەی ئاو لە هەردوو ڕووباری کارون و کەرخە.
