سودانی لە دەوحەوە داوای هاوپەیمانی ئیسلامی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، لە دەوحەوە داوای هاوپەیمانی ئیسلامی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، بەشداری کرد لە لوتکەی نائاسایی عەرەبی ئیسلامی، کە ئەمڕۆ دووشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو.
سودانی لە وتارەکەیدا ئیدانەی ڕوونی عێراقی بۆ ئەو هێرشانە دووپاتکردەوە، کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکاتە ئامانج و هاوسۆزی تەواوی لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر و گەلی فەڵەستین و هەموو گەلانی بەرکەوتەی دەستدرێژییەکان، چ لە لوبنان بێت یان سوریا یان یەمەن یان ئێران دەربڕی.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە هێرش بۆ سەر وڵاتی قەتەر نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و هەڕەشە لە هەوڵەکانی نەهێشتنی قەیرانەکانی ناوچەکە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵە نێوەندگیرییە دیپلۆماسییەکانی قەتەر، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو دەستدرێژییە بە ئەنقەستە چانسی چارەسەری ئاشتیانە دەکوژێت.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نەتەوەییەکان و زلهێزەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ بۆ ئەوەی داگیرکار بە ئەنقەست زیان بە سیستەمی نێودەوڵەتی نەگەیەنێت و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیری هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی بەکۆمەڵ و دۆسێیەکە دانوستانی لەسەر ناکرێت.
ئەمانەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە کەنوسینگەکەی بڵاویکردەوە:
? عێراق داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی - ئیسلامی یەکگرتوو دەکات، بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەی سەر دەوحە و گرتنەبەری هەنگاوی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە لە دەستدرێژکار لە دەستدرێژیەکانی و ملکەچی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی بکات.
? داوا دەکەین هەر بەئامانجگرتنێکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی هاوبەشی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پێویستە هەنگاوی دیپلۆماسی هاوئاهەنگ و ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
? داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فراوانی ئیسلامی دەکەین، کە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەخۆبگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکان کە گەلانمان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
? پێکهێنانی گروپێکی پەیوەندی عەرەبی - ئیسلامی بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بۆ گەیاندنی هەڵوێستی خۆمان و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلانمان.
? داڕشتنی نەخشەڕێگای گشتگیر بۆ ئاگربەست لە غەززە بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی، دواتر بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە لەژێر ئیدارەی هاوبەشی نەتەوەیی و عەرەبیدا دەستپێبکات.
? پێویستی گەیشتن بە ڕێبازێکی سیاسی کە مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین و خاوەن خاک و ماف دەستەبەر بکات.
? بەهێزکردنی میکانیزمەکانی ڕاوێژکاری و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانماندا، بۆ دەستەبەرکردنی وەڵامدانەوەی بەکۆمەڵ بۆ هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەری و ئاسایشمان، هەروەها چالاککردنی سیستەمی بەرپەرچدانەوەی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.
? دەسەڵاتی داگیرکەر بناغەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات و بە ئەنقەست ململانێکانی ناوچەکە فراوانتر دەکات.
? پێویستە سنوورێک بۆ قەوارەی داگیرکەر دابنرێت، کە بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەکات بە هێز، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر.
? بەردەوامی سیاسەتەکانی برسێتی و کۆمەڵکوژی لە غەززە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی سووڕی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی و بەدەستنەهێنانی ئاسایش بۆ هیچ لایەنێک.
? ئەو توندوتیژی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و تێکدانی ژێرخان کە لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا ڕوودەدات، مەینەتی مرۆڤی پێشبینی نەکراوی دروستکردووە.
? هۆشداری دەدەین لەوەی کە تەواوی سیستمی نێودەوڵەتی تووشی شکستێکی مەترسیدار بێت لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕەفتاری تاوانکاریی دەستدرێژیکردن بەبێ لێپرسینەوە.
