ڕەشید داوای زیندووکردنەوەی وێنەی شارستانی بەغدا و پاراستنی بینا کەلەپوورییەکانی دەکات
سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید سەردانی بینای ئەمیندارییەتی بەغدای کرد و لەلایەن ئەندازیار عەمار موسا کازم سەرۆکی ئەمیندارییەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کارگێڕی و جێبەجێکار پێشوازی لێکرا.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە لە میانی سەردانەکەیدا سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی ئەمیندارییەتی بەغداد و جێگرەکانی بۆ کاروباری کارگێڕی و تەکنیکی و شارەوانی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی بەغدا کۆبووەوە.
وتیشی لەو کۆبونەوەیەدا باس لە بابەتەکانی پەیوەست بە کارەکانی ئەمینداریەت و چۆنیەتی دڵنیابوون لە تەواوکردنیان کرا بە شێوەیەک کە لەگەڵ ویستی دانیشتوانی بەغدا بگونجێت. سەرۆک کۆمار روناکی خستە سەر گرنگی بوژاندنەوەی وێنەی گەشاوە و شارستانی شارەکە بە گرنگیدان بە لایەنە جوانکارییەکانی و پەلەکردن جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان، وەک پڕۆژەی ئاو و پاکوخاوێنی، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، و خزمەتگوزاریی پاکوخاوێنی، بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان لە ژینگەیەکی سەلامەتدا. هاوکات جەختیکردەوە لە پابەندبوون بە خشتە کاتییە دامەزراوەکان و دوورکەوتنەوە لە هەر دواخستنێک یان دواکەوتنێک کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبێت ، دوپاتیشیکردەوە کە ڕازیبوونی هاووڵاتیان لە پێشینەی کارەکانە و پێوەری سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگیدان بە بینا کەلەپورییەکان بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی شارەکە و مێژووی ڕۆشنبیری گەشاوە، کە ڕەنگدانەوەی پێگەی کەلتووری بەغدایە.
ئەمینداری شارەوانی پایتەخت و ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی، جەختیانکردەوە لە پابەندبوون بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بەرامبەر بە هاووڵاتیان بە تەواوەتی و بەبێ هیچ دواکەوتنێک.
ئەمینداری شارەوانی بەغدا هەروەها باسی لەو پڕۆژانە کرد کە لەلایەن شارەوانییەوە جێ بەجێکراون و هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی شارەکە، هەروەها ئەو ئاسانکارییە کارگێڕییانەی کە پێشکەشی هاووڵاتیان دەکات لەکاتی سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانیدا.
