ئەردۆغان بۆ نەتەنیاهۆ: بەردێکی بچووکی قودسی شەریفتان پێ نادەین
ئەردۆغان وەڵامی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، نەوەک تاشەبەردە داواکراوەکە، بەڵکو "بەردێکی بچووکی قودسی شەریفتان پێنادەین."
ئەمڕۆ هەینی 19ی 9ـی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پێنجەمین فێستیڤاڵی فڕۆکەوانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیا لە ئیستەنبووڵ قسەی کرد و رایگەیاند، "لەپشت قسە پڕوپووچەکانی چەند رۆژی رابردووی بازرگانانی خوێنەوە سەبارەت بە ئێمە و قودس، ئەو راستییە هەیە کە خۆیان دەیزانن. تورکیا بەم هێزە رۆژ لەدوای رۆژ زیادبووەی، هیوا بە ستەملێکراوان دەبەخشێ و ترس دەخاتە دڵی ستەمکاران. لە دوو رۆژی رابردوودا یەکێکیان دەرکەوت (مەبەستی نەتەنیاهۆ)، لەبەرئەوەی تاشەبەردی نووسراوی سلوانمان پێنەدابوو کە ئەمانەتی باوباپیرانمانە، رق و کینەی خۆی بەسەردا رشتین."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسە بە دەربڕینی دەستەواژەی نابەجێ سەبارەت بە یەکەم قیبلەمان کە قودسی شەریفە، دەیەوێ شتێک بکات. بێگومان ئێمە دەزانین هەوڵی چی دەدەن. بەو تاوانبارانە دەڵێم کە خوێنی 65 هەزار ستەملێکراوی غەززەیان لە ئەستۆدایە، قودس شکۆی هەموو مرۆڤایەتی و موسوڵمانانە."
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە، بەرگریکردن لە قودس - ئورشەلیم بەرگریکردنە لە ئاشتی و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی، "هەر هێرشێک بۆ سەر قودس، رووبەڕووی ئەو گیانفیدایانە دەبێتەوە کە عاشقی ئەو خاکە پیرۆزە و ئەو شارە ستایشکراوەن. دەرکەوتووە (نەتانیاهوو) بێ شەرمانە بەدوای تاشەبەردی نووسراودا دەگەڕێت و دەڵێم، نەوەک هەر ئەو تاشەبەردە، بەڵکو یەک بەردی بچووکی قودسی شەریفتان پێنادەین. ئایا سوڵتان عەبدولحەمید پێیدان؟ توانیتان بیبەن؟ ئێمە نەوەی سوڵتان عەبدولحەمیدەکانین و لەسەر هەمان رێگە دەڕۆین. تاوەکو ئەم گیانە لەم جەستەیەدا بێت، پشتیوان بە خودا، خاوەندارێتی لە ئەمانەتی باوباپیرانمان دەکەین و هەرگیز دەست لە قودس هەڵناگرین."
وتیشی: "تاوەکو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین بە پایتەختی قودسی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی سنوورەکانی 1967دا تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. وەک چۆن لە مێژوودا بووە، ئارامیی هەمیشەیی سبەی دێتە ئەو شارە پیرۆزەی کە لە شەقامەکانیدا شیر و هەنگوین دەڕژێت."
ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، رۆژی 16ی ئەیلوول، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گەشتێکیدا بۆ تونێلێکی نزیک مزگەوتی ئەقسا، بە ئامادەبوونی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گرت و هۆکاری ئەوەش بۆ رووداوێکی ساڵی 1998 گەڕایەوە بەهۆی رادەستنەکردنی پاشماوەیەکی مێژوویی بە ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە.
