نەتەنیاهۆ پەیامێك ئاڕاستەی ئەو ولاتانە دەكات كە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێك ئاڕاستەی ئەو ولاتانە دەكات كە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن و جەختیش دەكاتەوە كە هیچ دەوڵەتێكی فەلەستینی لە خۆرئاوای روباری ئوردن دانامەزرێت.
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، پاش ئەوەی ئەمڕۆ هەریەكە لە بەریتانیا، كەنەدا و ئوسترالیا بەڕەسمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە.
نەتەنیاهو دەڵێت، "پەیامێكی رونم هەیە بۆ سەرانی ئەو وڵاتانەی كە لەدوای كۆمەڵكوژییەكەی 7ی ئۆكتۆبەر، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن: ئێوە پاداشتێكی گەورە پێشكەشی تیرۆر دەكەن."
دەشڵێت"هەروەها پەیامێكی تریشم هەیە بۆتان: ئەم شتە رونادات. هیچ دەوڵەتێكی فەلەستینی لە خۆرئاوای روباری ئوردن دانامەزرێت."
نەتەنیاهو ئاماژە بەوەش دەكات"ساڵانێكە" رێگری لە دامەزراندنی "ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە" كردوەو روبەڕوی گوشارەكان بۆتەوە.
جەختیش دەكاتەوە "لە راستیدا ئیمە دروستكردنی شارە جولەكەنشینەكانمان لە یەهودا و سامرە دوهێندە كرد و بەردەوام دەبین لەسەر ئەم رێگەیە."
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێما بۆ ئەوەش دەكات، دوای گەڕانەوەم لە ئەمریكا "وەڵاممان بۆ هەوڵەكانی ئەم دواییە بۆ سەپاندنی دەوڵەتێكی تیرۆریستی بەسەرماندا لەناو دڵی وڵاتەكەماندا" دەبێت.
