وەزیری دەرەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاو و پتەوکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان دەگاتە ئەنقەرە
ئەمڕۆ هەینی، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی عێراق،بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا،بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر مەلەفی ئاو.
حسێن سەرۆکایەتی شاندی عێراق دەکات کە لە عەون دیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان و کادیرێکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ و ژینگە، جگە لە پسپۆڕانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانیان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵاتی دۆست بەدیبهێنێت.
بڕیارە فوئاد حسێن لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی تورکیا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی سەبارەت بە پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
