خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە ماریا ماتشادۆ سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا
ئەمڕۆ هەینی، لیژنەی نۆبڵی نەرویج براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥ی ڕاگەیاند و خەڵاتەکەی بەخشییە ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا، وەک ڕێزگرتنێک لە "خەباتی ئاشتییانەی بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤەنزوێلا، و بەرگری بەردەوامی لە بەها مەدەنییەکان سەرەڕای سەرکوتکردن و کۆتوبەندی سیاسی".
لێژنەکە لە بەیاننامەکەیدا بڵاویکردەوە "ماتشادۆ نوێنەرایەتی دەنگێکی بەهێزی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی، و بەشداری کردووە لە هاندانی گەلانی ئەمەریکای لاتین و جیهان بۆ خەباتکردن لە پێناوی ئازادیدا بە ڕێگەی ئاشتییانە".
ماتشادۆ بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ڤەنزوێلا دادەنرێت، و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ داواکردنی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد بەڕێوەبردووە، هەروەها بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانییەوە تووشی دەستگیرکردن و قەدەغەکردن بووە لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستە گشتییەکان.
دوای ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە، ماتشادۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ لێژنەی نۆبڵ دەربڕی، و دووپاتی کردەوە کە "ڕێزگرتنەکە سەرکەوتنێکە بۆ هەموو ڤەنزوێلییەکان کە بەردەوامن لە خەباتکردن بۆ ئایندەیەکی دیموکراسی و گەشەسەندوو".
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵانە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دەبەخشرێتە ئەو تاکە کەسان یان دامەزراوانەی کە بەشداری دەکەن لە بەهێزکردنی ئاشتی جیهانی و مافەکانی مرۆڤ.
