چامپیۆنز لیگ.. ریاڵ مەدرید شکستی بە یۆڤانتۆس هێنا و لیڤەرپوڵیش گۆڵبارانی فرانکفۆرتی کرد
لە چامپیۆنز لیگ ریاڵ مەدرید بە گۆڵێکی بێوەڵام شکستی بە یۆڤانتۆس هێنا و لیڤەرپوڵیش گۆڵبارانی فرانکفۆرتی کرد.
لە یارییەکانی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنز لیگ، ریاڵ مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری یۆڤانتۆسی کرد.
لە تایمی یەکەم، ریاڵ مەدرید دەستی بەسەر یارییەکەدا گرت و یۆڤیش پشتی بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەست، بەڵام هەوڵەکانی هیچ کامیان گۆڵی لێنەکەوتەوە.
لە تایمی دووەم، دووبارە کوڕانی خاوەن یاریگا باشتر بینران و لە خولەکی 57یش لە رێگای بێلینگهامەوە گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد، پاش ئەوەش ریاڵ هەر باشتر بینران و یۆڤیش جاروبار هێرشی دەبرد، بەڵام هیچ گۆڵێکی تر لە یارییەکەدا نەبینرا و سەرەنجام ریاڵ مەدرید بە گۆڵێکی بێوەڵام براوەبوو، خاڵەکانیشی بەرزکردەوە بۆ نۆ خاڵ لە سێ یاریدا، یۆڤیش تەنها دوو خاڵی هەیە.
لە یارییەکانی تریشدا، لیڤەرپول گەڕایەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتن و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک شکستی بە فرانکفۆرت هێنا لە بەردەم هاندەرانیدا، مۆناکۆ و تۆتنهامیش بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
