سودانی: هەڵبژاردنەکان ڕێڕەو دیاری دەکات و دەستەبژێرەکانیش دەبێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بڕیارێکە کە ڕەوتی ڕووداوەکان دیاری دەکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی پێشوازی کرد لە کۆمەڵێک مامۆستا و دەستەبژێر و پسپۆڕ لە پارێزگای زیقار.
وتیشی سودانی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و جەختی لە پەرۆشی خۆی کردەوە بۆ دیدار و گوێگرتن لە بۆچوون و پێشنیارەکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی گرنگیان لە ڕێنماییکردن و بەشداریکردن لە داڕشتنی بیروڕای گشتی و هۆشیاری، کە کۆمەڵگا باشتر دەکات.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بڕیارێکە داهاتوو دیاری دەکات و هیوادارە کەسانی پسپۆر و شارەزا ڕۆڵی کاریگەر و پشتیوانیان بگێڕن لە هەر پرۆژەیەکی نیشتیمانی کە دید و بەرنامە لەخۆ دەگرێت، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەندێک لایەن پەنا بۆ ناوزڕاندن و چەواشەکاری و شێواندن دەبەن بەبێ ئەوەی بەرنامەیەکی ڕوون بخەنەڕوو.
بەڕێز سودانی جەختی لە گرنگی ڕاستگۆیی و ڕوونی لە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانە کردەوە، کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لە ڕێگەی پەسەندکردنی دید و پلانێکی سیستماتیکییەوە و ئاماژەی بە دەستکەوتە بەرچاوەکان کرد کە لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنی حکومەتدا لە کەرتە جیاجیاکان بەدەست هاتوون و تیشکیان خستۆتە سەر جێبەجێکردنی ئەولەویەتە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە خزمەتگوزاری.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ لە سەرجەم پارێزگاکان کرد بە بەهای (33) ترلیۆن دینار، لە کاتێکدا حکومەتی ئێستا نزیکەی (131) ترلیۆن دینار قەرزی لە پڕۆژەی حکومەتەکانی پێشوو بۆ ماوەتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە عێراق خاوەنی چەندین دەرفەتی گرنگی بەکارنەهێنراوە و پێویستی بە چاکسازی ڕاستەقینەیە، هەروەها جەختی کردەوە لە گرنگی جیاکردنەوە لە نێوان پرۆژەیەکی سیاسی کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بپارێزێت و سیاسەتی کاردانەوە کە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی دروست دەکات.
