سودانی: : پڕۆژەی میترۆی بەغدا یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی گواستنەوەی ستراتیژی
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەمەد شیاع سوودانی"سەرۆک وەزیران، دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی میترۆی بەغدا یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی گواستنەوەی ستراتیژی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ، کەدەستی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : ئەمڕۆ "محەمەد شیاع سوودانی"سەرۆک وەزیران،سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە بەدواداچوونی دوایین ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی میترۆی بەغدا.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لە کۆبوونەوەکەدا،ئەمینداری بەغدا و سەرۆکی سندوقی گەشەپێدانی عێراق و ژمارەیەک ڕاوێژکار و نوێنەرانی لایەنە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانی خوازیار بە بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، و ژمارەیەک نوێنەری کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کەرتی تایبەت ئامادە بوون،تیاییدا ڕاپۆرتی کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکانی (ئۆلیڤەر وایمن و سیسترا) سەبارەت بە پلانی سەرەکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و دیدگای ئابووری پەیوەندیدار بە ڕێڕەوەکان، خرانەڕوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : "سوودانی " ئاماژەی بەوەدا کە "پڕۆژەی میترۆی بەغدا یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی گواستنەوەی ستراتیژی کە پشتگیری سەرجەم سێکتەرە ئابوورییەکان دەکات، هەروەک جەختی لەسەر دیدگای حکومەت کردەوە لەسەر گرنگیدان بە ژێرخانی گواستنەوە و پەیوەندییەکان، چونکە یەکێکە لە پایەکانی گەشەپێدان، و گرنگیدان بە پەرەپێدانی گواستنەوە لەناو شارەکاندا، کە دەستمان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی چارەسەرکردنی قەرەباڵغی هاتوچۆ و دروستکردنی ڕێگا ئەڵقەییەکان کردووە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەکانی شارە نوێیەکان لە دەوروبەری بەغدا وەک بەسمايه و جەواهیری و ووردی،سەدان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدەهێنن، و میترۆی بەغداش ئامرازێکی گرێدەر و سەرکەوتوو دەبێت بۆ ئەم ناوچانە.
سوودانی ڕوونیکردەوە : کە میترۆی بەغدا پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و چاوەڕوانکراوە، و لە نەخشەکاندا هەیە، کە حکومەتەکەمان ڕێڕەوەکەی نوێکردووەتەوە و گرێبەستی لەگەڵ لایەنە ڕاوێژکارییەکان کردووە، هەروەها چەندین پێشنیاری جێبەجێکردن پێشکەشکراوە کە بە هۆکاری تەکنیکی و دارایی ڕەزامەندییان وەرنەگرتووە.
ئاماژەی بەوەشدا کە پێشکەشکردنی ئەم پڕۆژەیە لەبەردەم پسپۆڕان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکە سەبارەت بە پێکهێنانی باشترین هاوبەندی بۆ جێبەجێکردنی، و حکومەت کراوەیە بۆ بەشداریکردنی سەرجەم کۆمپانیا جیهانییە بەهێزەکان و بازرگانان.
شایەنی باسە کە نەخشەی پڕۆژەی میترۆی بەغدا هێڵی گواستنەوە بە درێژایی (148 ) کم لەخۆدەگرێت، کە دابەش کراوە بەسەر (7) ڕێڕەو و (64 ) وێستگەی میترۆ.
