سودانی فەرمانی دا بە لایەنە بەرپرسیارەکان کە پرۆژەیەکی گشتگیر و تەواوکراو بۆ شاری سامەڕا ئامادە بکەن
ئەمڕۆ سێشەممە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی دا بە لایەنە بەرپرسیارەکان کە پرۆژەیەکی گشتگیر و تەواوکراو بۆ شاری سامەڕا ئامادە بکەن.
ئاماژەی بەوەدا، کە "هەموو سەردانێک بۆ پارێزگایەک یان شارێک یان گوندێک بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەک یان کردنەوەی پرۆژەیەکی تر، هەنگاوێکە بۆ پێشەوە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەکەمان".
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا كەدەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، کارە جێبەجێکارییەکانی سێ پڕۆژەی گەورە لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستپێکرد، لە سەرووی هەمویانەوە (پڕۆژەی ژێرخان و پەرەپێدانی سامەڕا بە تێچووی 1.096 ملیار دینار) لە چوارچێوەی پڕۆژەی سامەڕا پایتەختی شارستانیەتی ئیسلامییە".
ئاماژەی بەوەشکرد ،کە "هەروەها لە سەردانەکەیدا بۆ سامەرا ڕێوڕەسمی سەردانی مەزارگەی هەردوو ئیمامی عەسکەری (سەلامی خوایان لەسەە بێت) ئەنجامدا و کارە بەردەوامەکانی فراوانکردنی مەزارەکەی بەسەر کردەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە وتارەکەیدا لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنەکە سودانی جەختی لەوە کردەوە کە "هەر سەردانێک بۆ پارێزگایەک، یان شارێک یان گوندێک بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەک یان دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی دیکە هەنگاوێکە بۆ پێشەوە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەکەمان" و تیشکی خستە سەر گرنگی شاری مێژوویی سامەڕا، بە میراتی دەوڵەمەند و شارستانییەت و زانستییەکەی، هەروەها لەخۆگرتنی مەزارگەی هەردوو ئیمامی عەسکەری (سەلامی خوایان لەسەر بێت)، وایکرد کە شایستەی هەموو سەرنج و گرنگیدانێک بێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی ڕوونکردەوە، "گرنگیدانی سەرەکی حکومەت لە ژێرخان و داڕشتنەوەی شارەکانی عێراقە، بۆ گەیشتن بە بووژانەوەیەکی گەشەسەندن و نوێبوونەوەی شارەکان" و جەختی لەوە کردەوە "ئەم پڕۆژە بنەڕەتییانە پێشتر بەم شێوەیە پێشنەکەوتووبوون, شایەنی باسە پڕۆژەی ژێرخان و گەشەپێدانی شاری سامەڕا بریتییە لە گۆڕینی تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و جێبەجێکردنی وێستگەی محاویلە و قیرتاوکردنی ڕێگاوبان و شۆستە و کارەکانی ڕووناکی و ئامادەکردی شەقامەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد ، سودانی "لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دوو پڕۆژەی دەستپێکرد:
یەکەمیان پڕۆژەی ئاوی بێجی-سینیە لەسەر ڕووباری دیجلە بە توانای 5 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا و بە تێچووی 214 ملیار دینار.
پڕۆژەی دووەم بریتییە لە (تۆڕی ئاوەڕۆ و ئاوی باران لە ناوچەی ئەلدیوم لە قەزای تکریت)، بە تێچووی (93.5) ملیار دینار.
ئەمانەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی سێ پڕۆژەکە:
? لە یەکەم سەردانماندا بۆ ئەم شارە گرنگە کەمیی بەرچاوی خزمەتگوزارییەکانمان بەدی کرد، بەتایبەت ژێرخانی بنەڕەتی.
? فەرمانمان کرد ئامادەکارییەکان بۆ پلانێکی گشتگیر بۆ گەشەپێدانی شارەکان خێراتر بکرێت، بە بنیاتنانی ئەو کارانەی کە پێشتر لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە لە تۆڕی ئاوەڕۆ کە کێشەی هەیە دەستیان پێکردووە.
? دوای چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان، ئێمە بە شێوەیەکی شەخسی سەرپەرشتی "پڕۆژەی ژێرخان و گەشەپێدانی شاری سامەڕا"مان کرد، لەگەڵ پەرلەمانتار موسەنا عەبدولسەمەد سامەڕایی و پارێزگاری سەڵاحەدین بەڕێز بەدر مەحمود جبوری.
? پڕۆژەی ئاوی بێجی-سینیە بۆ یەکەمجارە لە پارێزگای سەلاحەدین بەم قەبارەیە جێبەجێ دەکرێت، هەروەها جەختمان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ژێرخان کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ خزمەتگوزارییەکانی دیکە خۆش بکەین.
? پڕۆژەکانی ژێرخانی پارێزگای سەڵاحەدین بەشێکن لە (57) پڕۆژەی ژێرخانی زیادە کە لە هەموو پارێزگاکان بە تێچووی (6.5) ترلیۆن دینار دەستیان پێکردووە.
? پشکی پارێزگای سەڵاحەدین لەم پڕۆژە زیادانە (5) پڕۆژە بووە، بە تێچووی (412) ملیار دینار، دیارترینیان پڕۆژەی ئاوی بێجی-سینیەیە، جگە لە (4) پڕۆژەی دیکە.
? پابەندین بە پێشکەشکردنی سامەرا بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێگە و مێژووی خۆیدا بگونجێت بۆ کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان.
? فەرمانمان کردووە تیمێکی وەزاری و ڕاوێژکاری لە سەرجەم وەزارەتەکان و پارێزگای سەڵاحەدین پێکبهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک، بەهۆی پێگەی تایبەتی سامەڕا و شوێنە دێرینەکانییەوە کە لە یونسکۆ تۆمارکراوە.
