مەندەلاوی و نائیلی مافەكانی كەسوكاری شەهیدان تاوتوێ دەكەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران موحسین مەندەلاوی، لەگەڵ سەرۆكی دەزگای شەهیدان عەبدولئیلاه نائیلی، مافەكانی كەسوكاری شەهیدان و هەمواركردنی سێیەمی یاسای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانیان تاوتوێ كرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، لە شوێنی میوانداری خۆیدا پێشوازی لە عەبدولئیلاه نائیلی سەرۆكی دەزگای شەهیدان كرد بۆ تاوتوێكردنی ئەگەری بەستنی دانیشتنێكی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە درێژكردنەوەی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و هەمواركردنی سێیەمی یاسای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەكان و هەڵە سەربازییەكان و كردەوە تیرۆریستییەكان.
بەپێی بەیاننامەكە، مەندەلاوی، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ خێزانی شەهیدان یان زیانلێكەوتووان دەربڕی و جەختیشیكردەوە: كاركردن بۆ دادپەروەری كردن لەگەڵیان و گەرەنتیكردنی مافەكانیان بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەمانەتێكی ئەخلاقییە لە ئەنجامی ئەو قوربانییە گەورانەی كە پێشكەشیان كردووە لەپێناو پاراستنی نیشتمان و پاراستنی هاووڵاتیانیدا، هەروەها ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ دیاریكردنی وادەی دانیشتنێكی نائاسایی بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی یاسادانان لەبارەی ئەم دوو چینەوە، بەشێوەیەك كە پاراستنی مافەكانیان و گێڕانەوەی چاكەی ئەوانەی گیانیان بەخشی لەپێناو نیشتماندا مسۆگەر بكات.
