سودانی دەستپێشخەری (بەسمە) بۆ پێدانی قەرزی ئاسان بە ژنان ڕاگەیاند
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سوودانی، دەستپێشخەری (بەسمە) بۆ پێدانی قەرزی ئاسان بە ژنان ڕاگەیاند.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران، لە بەیاننامەیەكدا كەدەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، دەستپێشخەری (بەسمە)ی بۆ قەرزی ئاسان بە ژنان ڕاگەیاند، بەمەبەستی دامەزراندنی پرۆژەی بچووك و مامناوەند، بە هاوكاری لەگەڵ كۆمەڵێك بانكی نیشتمانی.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سودانی ستایشی، هەوڵەكانی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە بەشدارییان لە كاركردن بۆ دەستپێكردنی ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییەدا كردووە بۆ بەهێزكردنی بەشداری ژنان لە ژیانی ئابووریدا و پشتگیریكردنی ڕۆڵی سەرەكییان لە پرۆسەی گەشەسەندنی دەوڵەت و كۆمەڵگەدا، و جەختیشیكردەوە: كە حكومەت گرنگی بە كەرتەكانی ژنان دەدات، و لە ڕێگەی چەندین بڕیارەوە، دیارترینیان پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای ژنانە كە پەیامی گرنگیدان و هەماهەنگییە بۆ هەوڵەكانی دەوڵەت سەبارەت بە ژنان.
سەرۆك وەزیران ڕوونیشیكردەوە: حكومەت سوورە لەسەر بەهێزكردنی ئابووری ژنان، لە چوارچێوەی پلانەكانی هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و دابینكردنی هەلی كار بۆ ژنان، و كاركردن لەسەر چالاككردن و سپۆنسەركردنی ئەو چالاكییانەی كە لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە پشتگیرییان دەكەن، و وتیشی: دەستپێشخەریی ڕیادە كە زیاتر لە (500) هەزار گەنجی كچ و كوڕی گرتەوە، كە ڕێژەی ژنان تێیدا (27%)ی كۆی داواكارانی پێكدەهێنا.
هەروەك سەرۆك وەزیران ستایشی، كەرتی تایبەت، بەتایبەتی بانكەكان، بۆ ڕۆڵیان لە زۆرێك لە دەستپێشخەرییەكان، لەوانەش دەستپێشخەری (بەسمە)، چونكە حكومەت جگە لە قەرزەكان، پلاتفۆرمی ڕاهێنان و پشتگیری و ڕاوێژكاری بۆ پرۆژە جیاوازەكان دابین دەكات.
لەكۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە: كە دەستپێشخەری (بەسمە) پڕۆژەی ژنانەی هەمەچەشن دەگرێتەوە كە كەرتەكانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و تەكنۆلۆژیا دەگرێتەوە، لەوانە پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی خۆراكی ناوماڵ، پڕۆژەكانی دوورین، بازرگانی بچووكی ئەلیكترۆنی، كشتوكاڵ، سەنتەرەكانی خزمەتگوزاری ژنان، باخچەی ساوایان، و بوارەكانی دیزاینی جیاواز، و دەستپێشخەرییەكە بەپێی مەرجە ئاسانەكان جێبەجێ دەكرێت كە تایبەتمەندیی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكانی ژنان لەبەرچاو دەگرێت.
