سودانی: هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانمان ڕاگرت
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە ژمارەیەك سەرۆك هۆز و كەسایەتی دیاری كۆمەڵایەتی ناوچەكانی ئەبوغرێب، و ئەعزەمییە، و سلێخ، و تاجی لە بەغدا كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی كرد لە ژمارەیەك سەرۆك هۆز و كەسایەتی دیار و نوخبەی كۆمەڵایەتی ناوچەكانی ئەبوغرێب، ئەعزەمییە، سلێخ و تاجی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سارا ئەیاد عەلاوی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران ستایشی ڕۆڵی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی و هەوڵەكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەدا لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا كرد و جەختی لەسەر شانازیی خۆی بە پەیوەندی و هاوبەشی سیاسی و كاركردنی لەگەڵیدا بۆ چەندین ساڵ لە یەك ڕێڕەودا كردەوە.
هەروەها سودانی، بەخێرهاتنی شاندی سەرۆك هۆز و كەسایەتییە دیارەكانی بەغدای كرد و جەختیكردەوە: كە حكومەت هەوڵێكی زۆری داوە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان لە سەرجەم ناوچەكانی پایتەخت و چەندین پڕۆژەی ژێرخانی ڕاگەیاندووە، و ئاماژەشی بە پڕۆژە نیشتمانییەكەی كرد كە ئامانجی بنیاتنان و خزمەتكردنە بۆ چاككردنەوەی پەیوەندی نێوان گەل و سیستەمی سیاسی، بە پشتبەستن بە دید و بەرنامەیەك كە لەسەر بنەمای دابینكردنی پێشینەی هاوڵاتیان و مافە دواكەوتووەكانیانە بەهۆی ئەو ڕووداوانەی وڵات لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیویەتی.
هاوكات سەرۆك وەزیران لە وتارەكەیدا رایگەیاند: لە ماوەی 3 ساڵی تەمەنی حكومەتدا سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان، سەركەوتوو بووین لە بەدەستهێنانی دەستكەوتی زۆر، و بەرنامەی حكومەتەكەمان گرنگی خستە سەر ئەو پرسانەی كە پەیوەندییان بە هاوڵاتیانەوە هەیە و چارەسەری بۆیان دانا، و وتیشی: لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە (46) ملیۆن كەس، ئەمەش بە واتای پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاتر دێت.
رونیشیكردەوە: هەنگاوی ڕێكخراو و پێكهاتەییمان بۆ چاكسازیی ئابووری و پشتنەبەستن تەنها بە نەوت ناوە، و ئاراستەی تەواوكردنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی و گەشەپێدانمان هەیە، و وتیشی: هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانمان ڕاگرت كە نزیكەی 6 ترلیۆن دیناری تێدەچوو، و بە ئاراستەی ڕاگرتنی سووتاندنی گازین كە ساڵانە 4 ملیار دۆلاری تێدەچێت.
ئاشكراشیكرد: چاكسازی ڕاستەقینەمان لە زۆر بواردا كردووە، لەوانەش كەرتی دارایی و بانك بۆ گەشەپێدانی ئابووری، و وتیشی: ژینگەیەكی گونجاو و سەلامەتمان بۆ وەبەرهێنان دابینكردووە، كە زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی عەرەبی و بیانی لەخۆگرتووە.
دووپاتیشیكردەوە: گەورەترین كۆمپانیا جیهانییەكان ئەمڕۆ لە عێراق كار دەكەن، ئەمەش پەیامێكە بۆ دروستی ئەو ڕێكارانەی حكومەت گرتوویەتییە بەر.و وتیشی: سیاسەتێكی هاوسەنگمان پەیڕەوكردووە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە شەڕ و ململانێكانی ناوچەكە، و سەركەوتوو بووین لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی.
سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: جەخت لەسەر بەشدارییەكی كارا و هۆشیارانە لە هەڵبژاردنەكان دەكەینەوە، چونكە مافێكی دەستوورییە بۆ هەمووان، و چارەنووسی وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەكات.
