16 كۆنتێنەر لە گومرگی ئومقەسری ناوەڕاست دەستی بەسەردا گیرا
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی گشتی گومرگ دەستبەسەراگرتنی (16) كۆنتێنەر كە پڕبوون لە كاڵای جۆراوجۆر لە گومرگی ئومقەسری ناوەڕاست راگەیاند.
دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی گومرگ سامر قاسم داود، و پابەندبوون بە ڕێنماییە توندەكانی بۆ داخستنی سەرجەم دەروازەكانی قاچاخچێتی و پاراستنی ئابووری نیشتمانی، سەنتەری گومرگی ئومقەسری ناوەڕاست توانیویەتی دەستبەسەر (16) كۆنتێنەردا بگرێت كە پڕبوون لە كاڵای جۆراوجۆر و پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای گومرگ ژمارە (23)ی ساڵی 1984 بوون.
راشیگەیاند: كۆنتێنەرە دەستبەسەرداگیراوەكان پێكدەهاتن لە ماتۆڕسیكلێت و تایەی بەسەرچوو و كامێرای چاودێری و كەرەستەی جوانكاری و دەرمانی مرۆیی و بزوێنەری ئۆتۆمبێل و قوماش و شەربەت و دۆشاوی تەماتە، جگە لە كەرەستەی جۆراوجۆری تر كە پێچەوانەی ڕێنماییەكان بوون، و ئاماژەی بەوەشدا: ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هاوكاری هاوبەشی نێوان سەنتەری گومرگی ئومقەسری ناوەڕاست و بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی ئومقەسری ناوەڕاست و پۆلیسی گومرگ ئەنجامدراوە.
ئاشكراشیكرد: ئۆپەراسیۆنەكە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی دەستەی گشتی گومرگ دێت بۆ كەمكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی قاچاخچێتی و پاراستنی بەكاربەران لەو كاڵایانەی كە لەگەڵ تایبەتمەندییەكاندا ناگونجێن، رونیشیكردەوە: ڕێكارەكانی لەسەر زەوی لە سەرجەم سەنتەرە گومرگییەكان بەردەوامن، بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی بەڕێوەبەری گشتی؛ بۆ دڵنیابوون لە بەهێزكردنی چاودێری گومرگی و جێبەجێكردنی یاسا بە دادپەروەری و توندی.
