هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 10 بەسەر پێشمەرگە دابەشدەکرێت
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگهیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان گهیشت و سبهی پێنجشەممە دەستدەکرێت به دابهشكردنی كه لەم مانگەدا، زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن.
وەزارەتی پێشمەرگە بهیانی ئهمڕۆ چوارشهممه بڵاویكردهوه، دوێنێ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى 10ی ئهمساڵ خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) دەستدەکرێت بە ئەنجام دانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و بۆ ئەم مەبەستەش سبهی پێنجشەممە دەست بە دابەش کردنی دەکرێت.
ئاماژهی بهوهشكردوه، لەم مانگەدا، زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.
پێشتر لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگهیاندبو، بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا واژۆ کراوە، ساڵانە هاوكاری هاوپهیمانان بەڕێژەی 25% کەمدەکات، بەوەش تاساڵی 2026 سەرجەم هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەوەستێندرێن، ئەگەری تازەبونەوەی یاداشتنامەکە هەیە ئەگەر پڕۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی پێشمهرگه بەباشی بەڕێوەبچێت.
