میلان و ئینتەر گرێبەستێکی مێژوویان واژۆکرد
میلان و ئینتەر گرێبەستێکی مێژوویان واژۆکرد و هەردوولایان بە هاوبەشی خاوەندارییەتی ناوچەی سانسیرۆی گەورە دەکەن.
بە شێوەیەکی فەرمی هەردوو یانەی ئەی سی میلان و ئینتەر میلانی ئیتاڵی کە هەردووکیان یانەی شاری میلانۆن، واژۆیان لەسەر خاوەندارییەتی ناوچەی سانسیرۆی گەورە کرد بە یارمەتی شارەوانی شارەکە.
بە گوێرەی گرێبەستەکەی نێوانیان، هەردوو یانە ئیتاڵییەکە بە هاوبەشی دەبن بە خاوەنی ناوچەکانی سانسیرۆی گەورە، کە یاریگای سانسیرۆ و جۆزێپی میاتزا دەگرێتەوە.
لە بڵاوکراوەیەکی هاوبەشدا هەردوو یانە دووپاتیانکردەوە، دروستکردنی یاریگا نوێیەکە و پڕۆژەی دووبارە گەشەپێدانی ناوچەی سان سیرۆ نوێنەرایەتی لاپەڕەیەکی نوێ دەکەن لە مێژووی شاری میلانۆ و هەردوو یانە، ئەم هەنگاوە بە خواستی هەردوو یانە بووە و لەپێناو بەرەوپێشبردنی وەرزشی ئیتاڵیا و میلانۆیە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، کۆی نرخی یاریگاکە و ناوچەکانی دەوروبەری بە 197 ملیۆن یۆرۆ دیاریکرا، بەڵام شارەوانی میلانۆ بڕی 22 ملیۆن یۆرۆی داشکاندووە لەپێناو ئەم هەنگاوە وەرزشییە، هەروەها میلان و ئینتەر بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ قەرزی بانکیان پێدراوە بۆ تەواوکردنی پارەکان.
